دووشەنبە،۶ی خەرمانانی ۱۴۰۳ی هەتاوی، چەند ڕۆژە لە زۆربەی شوێنکانی ناوشار، کارەبا دەڕوا و جار هەیە تا دو کاتژمێڕ نایەتەوە. پێموایە! بۆیە گوشی موبایل بەکات زەنگ ناخوا، کە دوای نوێژی نیوەڕۆ چاووم لێ کرد، بە پەیام مامۆستا ڕەسولی‌کیا پێوەندی گرتبوو. ئەلۆ مامۆستا ڕەسول! فەرموو: مامۆستا ڕەسول: وڵا مامۆستا ئەبوبەکر موئمینی لێرەیە، پێمان خۆشە تەشریف بێنی. گوتم: ئێوە تەشریف بێنن. مامۆستا ڕەسول: بۆ فەرقمان هەیە. گوتم: دەی باشە دێمە خزمەتتان. ویستم بە مەیدانی “ئاردی”دا بڕۆم لەبەر تەڕافیک نەم تووانی بە سێڕای "شێخ بابا" کە لە ناو خەڵک بە سیڕای بیمە‌سوتاو بەناوبانگە. بە بن کێوی "داشامەجید" کە هەڵگری مێژووی ئەم شارەیە، بەرەو پردی "شەوڕەنگ"ڕۆیشتم. شارەداری پردێکی گەورەی لێداوەو هەر بەم نێوە کە کاتی خۆی حاجی شەوڕەنگ کە ئێستاش ماوە؛ خۆبەخش پردێک بەسەر چۆمی "یەرغو" لێدەدا. وەک دەڵێن “یەرغوو” ناوی یەکێ لە فەرماندەکانی مەغوولە. سەرتان نەیەشێنم، لەم پردە، بەرەو لێژی "تەپەی قازی"پەڕیمەوە و لەوێ ڕا یەکسەر بۆ نزیکی مزگەوتی خاتم الانبیاء (د.خ) ماڵە مامۆستا ڕەسول. دەقولبابم کرد و دەرگا کراوە لەپلیکانان لەگەڵ مامۆستا ڕەسول چاک و خۆشی و پاشان چوومە ژورێ چاووم بە مامۆستا ئەبوبەکر موئمینی کەووت. یەکەم جار بوو بە خزمەتی دەگەیشتم لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکان لەمێژە پێک ئاشناین، دە دڵی خۆم دا دەم کووت ڕەنگە یەکی باڵا بەرزی کزی ڕەشتاڵەی جەمەدانە بەسەر و لکی ئاغابانۆکەشی بەلای چەپی ملی بەر داوەتەوە.
کەچی مامۆستا(ماموستا مەلا ئەبوبەکر) پیاوێکی مام ناوەندی سوورکارەی ڕدێن ماش و برینجی و سەر ڕووتی و کراس و پاتۆڵ لەبەر بوو.
هەر کات من ئەم مامۆستایانی نزیک پاوە و جوانڕۆ و ڕوانسەر دەبینم یەکسەر دەهەی حەفتام دێتەوە بیر کە هەموو پیاوانی دڵسۆز خەمخۆری دین و بانگخواز و خاوەن بیر و ئەندیشە بوون کە هاتبوونە لاجان؛ وەک: مامۆستا مەلا ئیبڕاهیم عارفی، مامۆستا مەلا ناسر شەبڕەند/شەهریاری، مامۆستا مەلا مەسروور مەحموودی، مامۆستا مەلا بێهزادی ویژە، مامۆستا مەلا فایق فەتاحی، مامۆستا مەلا عەبدولبەدیع حوسەینی لە (ئاڵوەتان)ی سەردەشت بوو، مامۆستا مەلا ساڵح کەریمی.
دوای چاک و خۆشی و هەندێ قسەی ئاسایی لەگەڵ مامۆستا موئمینی، زۆری پێ نەچوو مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای خالیدی تەشریفی هێنا. جیا لە ڕاموسان، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا دەستی مامۆستای ماچ کرد.
مژاری ئەم کۆڕە دو بابەت بوو
۱ـ گێڕانەوەی ڕوداوی دڵتەزێنی دو لاوی مەهابادی بە نێوەکانی: پەیمان خزرزادە و مەتین ڕەسول نیا، کە کاتژمێر دوازدەی شەوی ڕابردوو کە ویستویانە بۆ ئاوداشتن بچنە باغی خۆێان؛ مەخابن کە لە سێڕای بوڕهان بۆ گۆگتەبە، لە یەکەم کلکلە، کە لەوێ، پێش کەوتن(سبقت) یاساغە. ماشێنە لەم دولاوەی سەر ماتۆرسیکلێت دەدا و بەداخەوە هەر دووک لەجێوە دەمرن و داخێک بە جەرگی دایک و بابی وەدەنووسێ. 
بەداخەوە ئەم جاددانە ڕۆژ نییە هەواڵی دڵتەزێن نەدەن بە بنەماڵەکان. دەبوو لەمێژبا  دوو باندە کرابا.
۲ـ مژاری دوهەمی ئەم کۆڕە خۆماڵیە، تاوتوێ کردنی کارساتی غەززەی خوێناویە، کە هەر لە ڕۆژانی هەوەڵی ئەم کارەساتە لە ناو گروپی هزری سەوز بیرو بۆ چون و ڕای جیاواز بووە بە تایبەتی لە نێوان مامۆستا ئەبوبەکر موئمنی و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا تەواو خوێندنەوەیان جیاوازە.
ناساندی مامۆستا مەلا ئەبوبەکر موئمینی:
نۆدشە شارۆچکەیەکە لە هەورامانی ڕۆژهەڵات و لە ۳۵کیلومیتری شاری پاوە هەڵکەوتووە، ئەم شاره لە داوێنی کێوێ بە نێوی کێوی تخت دایە. لە دۆڵ و دەڕڕەیەکەوه کە بەرەو سیروان سەر دەکێشێ. لە باریکەی دەستکردی سەر سنووری نێوان “ئێران”و “عێڕاق”ـە. خانۆکانی پێپلیکانینە. لە باکوور لەگەڵ مەریوان و لە ڕۆژ ئاوا لەگەڵ تەوێڵە، هەڵەبجە و بیارە، سنوریان لێک دەگەڕێتەوە.
مەلا ئەحمەدی نۆدشی یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەم شارەیە، عەللامە و هەڵکەوتە “مەلا ئەحمەدی نۆدشە"یە کە کاتی خۆی بە فتواداری گەورەی کوردوستان ناسراوە. بەرەو وەچەی ئەم زانایە وەک بابەگەورەیان لە زانایانی کوردوستان دەژمێردرێن. ژمارەی دانیشتووانی نۆدشە لە سەرژمێریی ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی‌دا ٣٥٠٠ کەس بووە.
“نۆدشە”لەسەردمانی پێشوو تا ئێستاکە ناوەندی فەقێ و زانایان بوو کە مامۆستا مەلا ئەبوبەکر، کوڕی “مامۆ فەتاح” ٨ی ڕەزبەری ۱۳۴۴ی هەتاوی لەم ئاواییە چاوی بە دنیا هەڵێناوە، بەر لەوەی بچێتە قوتابخانەی فەرمی دو جزمی قوڕئانی پیرۆز لە لای باوکی خوێندوە، چوار خوشک و دوو برا بوونە هەموو ڕۆژێ هەموویان لە خزمەت بابیان  قوڕئانیان خوێندوە.

ساڵی ۱۳۵۹ی هەتاوی دێتە پاوە، لە مزگەوتی بیلال لەگەڵ مامۆستا سەلاحەدین موحەممەد بەهائەدین(ئەمینداری ئێستای یەکگرتووی ئیسلامی) و نووسەر، مامۆستا حەسەن شەمێرانی ئاشنا دەبێ.  وە لە بەحسەکانی ماموستا حسن لە نوێژی عەسر لەو مزگەوتەدا حازر دەبی،  لە سەرەتای شۆڕش لە “پاوە” هەندێ لە مامۆستاکانی قوتابخانە، عێڕاقی بوون. 
ساڵی ۱۳۶۱ی هەتاوی بە فەرمی دەچێتە ناو فەقێیان. بە هۆی هەندێ گرفت لە پاوە ڕا دێتەوە “نۆدشە” و لە خزمەت مامۆستای خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا جەلال حەق شوناس درێژە بە خوێندن دەدات و پەڕتوکەکانی حوجرە وەک: عوامل جرجانی، عوامل بُركوی، شرح عوامل و تصریف زنجانی، دەخوێنێ. دواتر لە خزمەت  مامۆستا مەلا هادی باوکی ماموسا جلال لە ئیدامەی خوێندنەکەی کتێبەکانی حوجرە وەک: هدایه، اُنموذج، ایساغوجی فی المنطق دەخوێنێ و هاوکات لەگەڵ ئەم خوێنەواریە دەچێتەوە قوتابخانەی فەرمی و لە ساڵی سێهەمی دەبیرستان لای نووسەر و وەرگێڕ، مامۆستا مەلا ئەحمەد نیعمەتی فەلسەفە و مەنتیق دەخوێنێ، جیا لە وانەی قوتابخانە، مامۆستا نێعمەتی تەجویدی شێخ مەعڕوف نۆدەهی لە سی (٣٠) لاپەڕە، لە عەڕەبی ڕا بە بە خەتی خۆی بە فارسی وەریدەگێڕێ و لای وی دەخوێنێ. و لەم سالانەدا لە گەڵ کاک “عەبوڵڵا حەکیمی” هەندێ لە نەوارەکانی “ماموسا ناسر سوبحانی” وەکوو: بەندایەتی و ئەسمائۆڵلا و .... پیادە دەکەن.
مامۆستا موئمینی دەڵێ: وانەی پەروەردەییم لە ساڵی ۱۳۶٠تا ۱۳۶۵ی هەتاوی لای کاک “ئەسعەد سەدیقی” بووە و ساڵی ۱۳۶۵ی هەتاوی بۆکۆنکۆڕی سەراسەری بەشداریم کردوو و بۆ لقی پەروەردەیی منداڵان لە شاری کرماشان وەرگیرام. ئەوکات دو مناڵم هەبوون. چوومە کرماشان، کاتێ مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین زانی هاتوومەتە کرماشان و تەنیام  بانگی کردم و فەرمووی: نابێ، یا دەبێ بڕۆی ژن و مناڵەکەت لە گەڵ خۆ بێنی یا دەبێ بچێوە. گوتم: لێرە جێگاو ڕێگایەک نییە، فەرمووی: بۆتان مسۆگەر دەکەین، وابوو ماڵەکەم هاتە کرماشان و لە گەڕەکی حیکمەتاواو نیشتە جێ بووم. لەوێ ماوەیەک لە خزمەت “مامۆستا سوبحانی” بووم. ئەوکات مامۆستا ناسر ناوی خوازراوی “شەریف” بوو، پێنج شەش جەلەسە لە وتارەکانی ئیمامەت و ویلایەت لە خزمەتی دا بوم. پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندنی فەقێیایەتی بەیانیان لای مامۆستا مەلا “حوسەین موحەممەدی” کتێبەکانی؛ شذورالذهب، قطرالندی و مغنی المحتاج دەخوێند. بەم شێوەیە جیا لە زانکۆ وانەی فەقێیایەتیشم درێژە پێ‌دا. تا چوومە “باینگان” لەوێ وە بە یارمەتی خەڵکەکە مزگەوتێکمان درووست کرد و بوومە پێشنوێژ و وتار خوێنی هەینی و مامۆستای قوتابخانە گۆندەکە. تا دوایی مامۆستا سەلاحەدین فەرمووی: “سەلاس” چ لە بواری ئایینی و چ لە بواری زانستی ناوچەیەکی بەشخوراوە؛ پێویستە بچی بۆوێ، منیش ڕۆیشتم و لەوێ چوومە دەی “تازاوای ئەمین” ، مزگەوتیان نەبوو ماڵە کۆنەیێک بوو خاوەنەکەی چووبوو بۆ شار پرسمان پێ کرد ئیجازەی دا و کردمانە جێ نوێژ کردن وە مناڵەکانی قۆتابخانەو و هەندێ قوتابیانی فێڕگەی ناوەندی وانەن بۆ دانان مامۆستا عینایەت وەیسی ئەوکات هەوڵی ڕاهنومایی بوو پێک ئاشنا بویین. زۆر وشیار و زیرەک بوو. ئەو ساڵە ئەهات بۆ ماڵمان تەسریفی زەنجانی خوێند لەم ئاواییە هەم خۆم و هەم هاوسەرم، بۆ کەنیشکان و کوڕانمان وانەی قوڕئانمان دانا. 
ساڵی دوایی هاتمە ئاوایی “زیارەتی تەمەرخان”  لە وێچ مزگەوتێکمان خاس کرد بوومە ئیمام جۆمعە و پێشنوێژی مزگەوتەکە و بەڕێوەبەری فێڕگەی سەرەتایی ئاوایی ، چەن کەس ئەم دوو سێ ساڵە لەوێ بووین قۆرئانیان خەتم کردوو مزگەتەکمان دوای خۆمان دا دەستیان و خۆیان کارو باری مزگەوتێیان بەڕێوە دەبرد. ساڵی۱۳۷٢ هەتاوی چوومە “تازاوا” و تا کوو ئێستاکە لەوێم. ماڵەکەم نزیکی مزگەوتی جامیعەی ئەم شارە بوو و لە خزمەت ئیمام جومعە واتە مامۆستا شێخی پەڕتووکی “مغنی المحتاج”م دەور کردەوە و لە مزگەوتی جامیعەی ئەم شارە خۆم و هاوسەرم چالاکی دینیمان دەست پێ کرد. مزگەوتەکە جێ دەسنوێژگرتنی خراو بوو لە گەڵ ئێمام جومعە هەماهەنگیمان کرد و تێکماندا و نۆژەنمان کردەوە. دوایی نزیکی هەشت ساڵ بوومە کارناسر بەرپرسی فێرکردن( کارشناس مسئول آموزش مقاطع سە گانە آموزش و پرورش)ی ئەم شارە.
زستانان هاتوو چۆ بۆ ئەم مزگەوتی جامعه دژوار بوو و بە تایبەتی باوکم نەیدەتوانی له ناو  قوڕوو چڵپاوی ئەوکات هاتووچووی مزگەوت بکا. بەو بۆنەوە پێشنیاری دا لەم گەڕەکە، مزگەوت سازکەین. ساڵی ۱۳۷۵ی هەتاوی داوام لە بەخشدار ئاغای سەلیمی کرد، کە ئەم خانە سازمانیانە کە عێڕاقێکانی تێدا بوون و نەماوون بمانداتێ بیانکەینە مزگەووت. بەڕێزیان لە نامەیەک هاوکاری کردین و تێکمان دان و بە ڵێبڕاو(همت)ی گەڕەک و خێڕخوازان مزگەوتێکمان بە ناوی بیلال لێ چا کرد و تا  ئێستاکە پێشنوێژی ئەم مزگەوتەم و لە ئاوای “تەمەرخان” کە نزیکەی  20کیلۆمیتری مەودا هەیە وتار بێژی رۆژانی هەینیم.
مامۆستا موئمینی فەرمووی: لە هاوینی ساڵی 72 هەتاوی چوومە ناوی ئیدارە و تا چوار ساڵ وەک (کارشناس مسئول آموزش هر سه مقطع ، ابتدایی ، راهنمایی ، متوسطه  آموزش و پرورش). چوارساڵی دوایی بە پاراستنی پیشە(حفظ سمت) بوومە جێگری فێرکاری هەمان ئیدارە (آموزش و پرورش).
مامۆستا لە وڵامی ئەم پرسیارەم کە ئایا کارمەندەکان جل و بەرگی کوردی دەبەر دەکەن؟ فەرمووی: لە هەر چوار شاری هەورامانات؛ واتە: پاوە، جوانڕۆ، ڕوانسەر و سەلاس، جگە لەم فەرمانبەرانەێ لە شارە فارسەکان و یا شارانی تر ناردراوون، گشت فەرمانبەر(کارمند)ان، بە شانازێوە، بە جل و بەرگی کوردی دەچنە سەر کار.
۱۹ـ ۶ـ ۱۴۰۳خورشیدی

تا سەفەر و دیدارێ‌تر خواتان لەگەڵ